خه‌ون، نیشتمان و مه‌رگ
من هه‌موو شه‌و خه‌ونێ ئه‌بینم
خه‌ونێک به درێژایی شه‌و
بیرم هاڵۆز ئه‌کا
به درێژایی شه‌و نوققمم ئه‌کا له گێژاوی خۆی
له خه‌ونم‌دا:
منیان له سێداره دا
منیان کرده سیاچاڵه‌وه
منیان ته‌سلیم به خاک کرد
بڵێی ته‌عبیری ئه‌م خه‌ونه‌م چ بێ؟!
بڵێی ڕازی مانه‌وه‌می پێ بێ؟!
له خه‌ونم‌دا:
سه‌یرم کردی
پڕ به دڵم
تۆ له شوێنێکی به‌رز بووی.
تۆ بیره‌وه‌ری ساڵیانی ته‌مه‌نمی
تۆ بیره‌وه‌ری چه‌ندین سه‌ده‌می
تۆ یه‌که‌م بارینی بارانی به‌هاری وڵاته‌که‌مت له یاده
تۆ هه‌ناسه‌یه‌کی له په‌رژینێکی قه‌ده‌غه‌دا
داخه‌که‌م....
تۆ ئێستا پیر بووی
که‌زیه‌ت سپی سپی له به‌فر ئه‌چن
ئه‌مهه‌وێ خه‌ونێکی‌تر ببینم
درێـــــــــــــــژ درێـــــــــــــژ له ته‌منت
سپی سپی له که‌زیه‌ت
سه‌وز سه‌وز له تاراکه‌ت
من خه‌وم دێ
تۆ له شوێنی به‌رزی
تۆ بووکی به‌هاری کورده‌واری
تۆ هه‌وێنی شێعری دڵداری
ئای...ڕاکه.... ڕاکه ڕاکه
هاتن تۆش له سێداره بده‌ن
ڕاکه.....
ئای دز...ئای دز...
تۆیان لێ دزیم
تۆیان لێ تاڵان کردم
میراتی سه‌دان ساڵه‌میان به با برد
داخه‌که‌م...
تۆشیان له سێداره‌دا
ئه‌میان ڕازی مانه‌وه‌ت بوو؟!
ده‌ک به نه‌فره‌ت بی خه‌ون
من گه‌ره‌کم نییه خه‌ون ببینم
که چی هه‌ر خه‌ونووچکه ئه‌مباته‌وه
بریا بۆ جارێکش خه‌ونم نه‌دیبا
من جارێکی نیشتمان خۆم دیتبا
نیشتمان؟!
نیشتمان من پیره‌دارێکی کرۆسکی ڕه‌قه
نیشتمانی من نه خه‌ونه نه شتێکی سه‌یر
پیره دارێکی کۆرسکی ڕه‌قه
دار
دار
داره کرۆسێکی ڕه‌ق و ته‌ق
ئێستا شکوور من خه‌ون نابینم
به‌ینێکه ڕه‌قم له هه‌ر چی خه‌ون و خه‌ونووچکه و وێژینگ وسه‌رخه‌و و باوێشکه
به‌ینێکه بیر و هزرم مردنه
ئه‌و کات نه خه‌ون ئه‌بینم
نه نیشتمانێک شک ئه‌بم!
گه‌ره‌کمه بمرم
ئای مردن
چه‌نده خۆشی
ڕه‌ش بپۆشی
خه‌فه‌ت دڵی کرمێ کردووم
بۆسۆی خسته هه‌ناومه‌وه
ببوورن
لێم تێک چوو بمرم !




جێ‌ژوان